دواى ئەوەى ئێوارەى دوێنێ بەڕێز لۆبۆمیر زاورالیك وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک بە یاوەرى جێگرى وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتەو باڵیۆزى چیک لە عیراق گەیشتنە هەرێمى کوردستان و دیدارو کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرێزان سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت و گەورە بەرپرسان ئەنجامدا، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ شاندى میوان بە یاوەرى فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سەردانى قەڵاى مێژوویى هەولێریان کردو لەلایەن دارا یەعقوبى سەرۆکى دەستەى باڵاى نووژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر پێشوازیان لێکرا.
سەرۆکى دەستەى باڵاى نووژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر پوختەیەکى لەسەر مێژووى قەڵاى هەولێرو تەواوى شوێەوارەکان پێشکەش کردو سوپاسى رێکخراوى یۆنسکۆى کرد کە بەر لە چەند هەفتەیەک بە فەرمى قەڵاى هەولێرى خستە نێو لێستى شوێنەوارە مێژوویەکانى سەر بە یۆنسکۆ بۆ ئەوەى پارێزگارى لێبکرێت.
دواى سەردانەکەى بۆ قەڵاى دێرینى هەولێر وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک و شاندى یاوەرى کۆتاییان بە گەشتەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان هێناو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بەڕێخران.
لە چوارچێوەى بایەخدانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پشتگیرى کردنى هەرێمى کوردستان لەرووى یارمەتى سەربازى بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى بەناو دەوڵەتى ئیسلامى و کۆمەک کردنى مرۆیى بۆ ئاوارەکانى سوریا و ناوچەکانى دیکەى عیراق لە هەرێم، ئێوارەى ئەمڕۆ لۆبۆمیر زاورالیك وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک بە یاوەرى جێگرى وەزیرى بەرگرى و باڵیۆزى چیک لە عیراق گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن د. فوئاد حوسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم وفەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگە و کونسوڵى چیک لە هەرێم پێشوازیان لێکرا .
ئەمەو بڕیارە وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک و شاندى یاوەرى لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێم دیدارو کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.